کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دۆخی نائاسایی دژی ئێران درێژ کردەوە

11:14 - 23 رەشەمه 2719

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە فەرمانێکی نوێدا، دۆخی نائاسایی نەتەوەیی دژی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، لە فەرمانێکی نوێدا بۆ کۆنگرەی ئەو وڵاتە، بە جەختکردنەوە لەسەر نائاساییبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌ تر درێژ کردەوە.

لە درێژکردنەوەی ئەم فەرمانەدا، باس لەوە کراوە کە پێوەندییەکانی واشنتۆن و تاران تا ئێستا ئاسایی نەبووەتەوە.

ترامپ وتوویەتی: "هەوڵ و سیاسەتەکانی ئێران بەردەوام بۆ ئەمنییەتی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئامریکا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە".

بڕیاری "١٢١٧٠"ی ئامریکا، ١٠ ڕۆژ دوای هێرشی خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام کە هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا و هەروەها بارمتەگرتنی فەرمانبەرانی ئامریکا، دەر کراوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرانبەر بە ١٣٥٧ی هەتاوی، "جیمی کارتێر"، سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا، سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لەلایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکاوە درێژ کراوەتەوە.

ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە سەردەمی سەرکۆماریی "جیمی کارتێر" بۆ یەکەم جار دژی ڕێژیمی ئێران پەسندی کرد، ڕێگریی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکادا کرد.