کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دۆسیەی ماهوارەی نیزامیی ئێران دەنێرێتە شورای تەناهیی نێونەتەوەیی

12:21 - 4 بانەمەڕ 2720

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هاویشتنی ماهوارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای تەناهییە و ئامریکا دۆسیەی ماهوارەی نیزامیی ئێران دەنێرێتە شورای تەناهیی نێونەتەوەیی.

"مۆرگان ئۆرتێگاس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندووە: "دۆسیەی هاویشتنی ماهوارەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی بڕیارنامەی شورای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنێرینە ئەو شورایە".

"ئۆرتێگاس" هەروەها وتوویەتی، داوا لە شورای تەناهی دەکەین کە سەبارەت بەو ماهوارە هاویشتنە لێکۆڵینەوە بکات و دڵنیا ببێتەوە کە ئەو چەشنە هەوڵانە دژ بە بڕیارنامەی شورای تەناهی، لێکەوتەی بە دواوە نەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هاویشتنی ماهوارە لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی بڕیارنامەی شورای تەناهییە و هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئیران کردووە و وتوویەتی: "ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لێکەوتەی نەرێنیی بەدواوە دەبێت".

"پۆمپێئۆ" هەروەها ڕایگەیاندووە: "هاویشتنی ئەو ماهوارەیە دەیسەلمێنێت کە ئێمە لە مەحکوومکردنی بەرنامە نیزامییە شاراوەکانی ئێراندا مافمان بووە".

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند: "یەکەمین ماهوارەی نیزامیی وڵاتمان لە زۆنی زەویدا جێگیر کرد".

ئەو کردەوەیەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەی وڵاتان و کەسایەتییەکانی جیهانی لێکەوتەوە و زۆربەی وڵاتان مەحکوومیان کرد.