کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دەبێ پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردی بکات

11:39 - 6 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پرسێکی گرینگی سیاسی بووە و ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی کوردستانی باشوور زیاتر ئەو پرسەی هێنایەگۆڕێ.

بلاڤۆکی "هیل" کە سەر بە کۆنگرەی ئامریکایە، لە وتارێکدا بە قەڵەمی "مەتیوو ماینن" بڵاوی کردووەتەوە کە "ترامپ دەتوانێت کارێکی هاوشێوەی "بالفۆر" بۆ کورد ئەنجام بدات."

لەو وتارەدا هاتووە: "ترامپ بە کشانەوەی لە سووریە و گەڕانەوەی دووبارەی هەڵەیەکی ئیجباری کرد. ئەوە بابەتێکی ئاشکرایە کە پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردستان دژایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە و هەر وڵاتێک جیا لە ئیسرائیل دژی سەربەخۆیی کوردەکانه."

لە بەشێکی ئەو وتارەدا هاتووە: "ترامپ لە ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران کشایەوە. گەمارۆی دژی ئێران پەسند کرد. باڵوێزخانەی ئامریکای بۆ ئورشەلیم ڕاگواست و دەسەڵاتی ئیسرائیلی بۆ بەرزاییەکانی گوڵان بە فەرمی ناساند."

"ماینن" نووسیویەتی سەرکۆماری ئامریکا دەتوانێت کارێکی لەم شێوەیە بۆ کوردەکانیش بکات و لە ڕاگەیەندراوێکی بچووکدا مافی خودموختاریی سەربەخۆ بۆ کورد ڕابگەیێنێت.

لەو وتارەدا باس لەوە کراوە کە "پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردستان دەتوانێت شکۆی ئامریکاش بگەڕێنێتەوە؛ بۆ هەموو کەس ڕوونە کە مافی خودموختاریی ٣٠ میلیۆن کورد دەبێ لە ٥ میلیۆن فەلەستینی زیاتر بێت."

چەند ڕۆژ پێش "ئورشەلیم پۆست" لە وتارێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ترامپ بۆ ساڵی نوێ بۆ کوردەکان هەواڵێکی گرینگی هەیە کە ئەوەش پرسی دەوڵەتی کوردییە.

لەو پێوەندییەدا کاناڵی "ڕاشا توودەی"ی ڕووسیە بڵاوی کردووەتەوە کە دەوڵەتی کوردستان دادەمەزرێت.

" ئەرچنتسیف"، کۆنسولی گشتیی ڕووسیه لە کوردستانی باشووریش گوتبووی ئێمە بۆ هەر بڕیارێک پشتیوانی لە کوردەکان دەکەین.

دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی یەکێک لە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە تێروتەسەلی باسی لێوەکراوە.