کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەند کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی و نیزامیی ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد

12:04 - 1 رەزبەر 2720

دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان دژی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، بەرپرسانی پلەباڵای دەوڵەتی ئامریکا بەپێی بڕیاری ''ترامپ''، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێیان دژی بەرنامەی ناوکی، مووشەکی و چەکوچوڵی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد.

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، وێڕای بەرپرسانی پلەباڵای ئەو وڵاتە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایانگەیاند کە ٢٧ کەسایەتیی "حەقیقی و حقووقی" خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و چەندین کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ئەو ڕێژیمە و هەروەها ''نیکۆلاس مادۆرۆ'' سەرکۆماری ڤێنێزۆئێلا بەهۆی هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گەمارۆیان خرایە سەر.

''بێهرووز کەماڵوەندی'' وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکی، ''محەممەد قەنادی مەراغە و پێژمان ڕەحیمیان'' جێگرانی ئەو ڕێکخراوە وێڕای ''جەواد کەریمی سابت و ئەحمەد ئەسغەری''  کە لەگەڵ ڕێکخراوی وزەی ناوکی پێوندییان هەبووە خراوەنەتە نێو لیستی نوێی گەمارۆکانەوە.

هەروەها شیرکەتەکانی ''شەهید هیمەت، حاج عەلی موەدەت، مسباح ئێنرژی، ڕێکخراوی پیشەی بەرگری، پیشەی شەهید موحێد و ناوەندی توێژینەوەی زانستی ناوکی" گەمارۆیان خراوەتە سەر.

''پۆمپێئۆ'' باسی لەوە کردووە: ''ڕێژیمی ئیران پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە. بەرجام بوو بەهۆی ئەوەی کە میلیاردها دۆلار بگاتە دەستی ڕێژیمی ئێران و ئەو ڕێژیمە بۆ ماوەی ٥ ساڵ توانی پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بکات''.

ناوبراو ڕوو بە وڵاتانی جیهان وتی: ''ئەگەر گەمارۆکان پێشێل بکەن، سزا دەدرێن''.

''ئیستیون منوچین'' وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لەم پرێس کۆنفڕانسەدا وتی: ''جیهان ڕێگە نادات کە ڕێژیم ئێران بە مووشەکە بالیستیکەکانی جیهان تووشی مەترسی بکات''.

''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی دووشەممە دوای چالاکبوونی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان دژی ئێران، بڕیاری جێبەجێکردنی بە دەوڵەتی ئامریکا دا کە هەرکەس لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری بکات، تەحریم بکرێت.