کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دەیهەوێت بەگشتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تەحریم بکات

18:11 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە مەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدایە سەرجەم بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو ڕێژیمە تەحریم بکات.

ماڵپەڕی "واشنتۆن فری بیکەن"ـی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، ٥٠ یاسادانەری ئامریکایی لە کۆنگرەی ئەو وڵاتەدا داوایان لە "دانڵد ترامپ" کردووە بەشێک لە لێخۆشبوونەکانی ئامریکا دژی ئێران، یەک لەوانە بەشی ئاشتیخوازنەکەی ڕابگرێت.

ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن "لیز چینی" پێشنیار کراوە و داوای کردووە ئامریکا هەڵوێستێکی توندتر دژی ئێران بگرێت.

ناوبراو وتوویەتی: "ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئۆباما بۆ ڕاگرتنی بەرجام ئاسانکارییان کردووە کە ئەو ئاسانکاری و لێخۆشبوونانە لەگەڵ داخوازییەکانی ئێستای کۆشکی سپی دژ بە یەکە".

بەرپرسانی باڵای ئامریکا بەنیسبەت درێژەی پەسندکردنی گەمارۆکان دژی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕێوە و داوایان کردووە گوشاری زیاتر بۆ ئێران بێنن.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک لە خاڵەکانی بەرجامی پێشێل کرد و خەستیی پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە ئاستی دیاریکراودا تێپەڕاند.

بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین پەروەندەکان لە ئاستی کۆمەڵگەی جیهانیدایە.

ڕێژیمی ئێران وەک یەکێک لە گەورەترین پشتیوانەکانی تێرۆریزم لە ئاستی جیهاندا ناسێندراوە و ئەو ڕێژیمە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات.