کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دەیهەوێت لە عێراق هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک بە ڕێژیمی ئێران

13:32 - 2 بانەمەڕ 2720

لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئامریکا و ئێران لە عێراقدا، ئامریکا دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق.

هەواڵدەرییەکانی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران و بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسە پلە باڵایەکی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە کە ئامریکا بەتەمای هێرشە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەو وڵاتە.

هەواڵدەریی فەرانسە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، واشنتۆن هێرش بۆ سەر ١٢٢ ئامانجی، هاوشێوەسازی کردووە و لە ئەگەری هێرشی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، ئەم گەڵاڵەیە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ژنێڕاڵ ''پەت وایت''، سەرۆکی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق، لە نامەیەکدا کە بۆ فەرماندەی ناوەندیی ئامریکای ناردووە، نیگەرانیی خۆی لەهەمبەر ئەو مەترسییانەی کە بەرۆکی هێزە هاوپەیمانەکانی گرتووە دەربڕیوە.

جێگەی ئاماژەیە ئەم هەوڵ و خۆئامادەکردنەی ئامریکا لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە دوایین هێرشی مووشەکی کرایە سەر هێزەکانی ئەم وڵاتە لە ''ئەلتاجی'' لە عێراق کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دوو هێزی نیزامیی ئامریکا و سەربازێکی بریتانیا کوژران.