کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: زوویە باس لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی بەرنامەی ناوکی بکەین

12:11 - 8 بەفرانبار 2721

لەحاڵێکدا کە نوێنەرانی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران، ئاکامی قۆناغی نوێی دانوستانی ناوکی، ناسراو بە بەرجامیان بە ئەرێنی وەسف کردووە "نێد پرایس" وتەبێژی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: "ئێستا زوویە بۆ ئەوەی باس لە پێشکەوتنی دانووستانەکان بکەین".

"پرایس" وتوویەتی، ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەو پێشکەوتنانەی به‌دەست هاتوون لە هەنگاوی خێرای بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران زۆر خاو و لەسەرەخۆترە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، ئامریکا لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات کە ئایا ڕێژیمی "تاران" بە ڕێوشوێنی نوێ گەڕاوەتەوە بەرجام یان هەر ئەو ڕێوشوێنانەی گرتووەتە بەر کە پێشتر پێشنیاری کردبوون.

"میخایل ئۆلیانۆف" نوێنەری ڕووسیە وتوویەتی کە بەشداربووان لەو دانیشتنەدا بە تایبەتی لەسەر دابینکردنی پێشنووس ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە کاتێکی کەمدا بە ڕێککەوتنی یەکجارەکی بگەن.

 سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا باسیان لەوە کردووە ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێک کە بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕێککەوتنی بەرجام بێ مانا دەکات.

"محەممەد مەرەندی" ڕاوێژکاری تیمی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی هیچ هەڕەشەیەک بۆ ئێمە بەهای نییە و چالاککردنی مێکانیزمی ماشە هیچ کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵگیرێت و نەوتیش ئازادانە بفرۆشێت بەڵام ئەو داواکارییەکی ڕێژیمی ئێران قەبووڵ ناکرێت.