کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران

13:00 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا بە درێژایی مێژوو زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران و گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، شەوی دووشەممە، ۵ی خاکەلێوە، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل ""Aipac، کە له شاری "واشنگتۆن"، پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەڕێوە چوو، جارێکی تر جەختی لەسەر پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان و ناوچەکە کردەوە و ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ناساند.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە بەشێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا زیاتر لە سەدان میلیارد دۆلاری خستە گیرفانی ئاخوندەکانەوە، سەرۆک دانڵد ترامپ تەنیا بەڵێنی نەداوە، بەڵکوو بە کردەوە لەو بڕیارنامە سەقەتە هاتە دەرەوە.

مایک پۆمپێئۆ، لە بەشێکی تری وتارەکەیدا باسی لە گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا کرد و وتی: "ئێمە بە درێژایی مێژوو زۆرترین گوشارمان خسووەتە سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا. من دوو ڕۆژ پێش لە شاری بەیرووت، پێتەختی وڵاتی لوبنان بووم، حەسەن نەسرۆڵڵا، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵای لوبنان، بە پاڕانەوە داوای لە خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە کە خێراتیان پێ بکەن".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە دژایەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ یەهوودییەکان کرد و ڕایگەیاند: سەرۆک دانڵد ترامپ، لە بەرانبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا وەکوو یەکەمین پاڵپشتی "دوژمنانی یەهوودییەکان" بەربەرەکانێ دەکات و بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە دەبێتەوە.