کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس لە هێزە نیزامییەکانیی ڕووسیە لە سنووری ئۆکراین جێگر کراون

16:38 - 25 رێبەندان 2721

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڕەشەکانی "ڕووسیە" لە پەیوەندی بەو بابەتەی کە بەو زووانە هێرش دەکاتە سەر "ئۆکراین"، "ولادیمیر زلینسکی" سەرکۆماری ئەو وڵاتە داوای لە خەڵک کردووە کە هێمن بن.

ناوبراو وتوویەتی: "هەتا ئێستا بەڵگەیەکی وایان دەست نەکەوتووە کە دەری بخات ڕووسیە هێرش دەکات".

" زلینسکی" کە لە جەرگەی ئەو گرژییانەدا نیگەرانی دارمانی ئابووریی وڵاتەکەیەتی، لە ڕۆژانی ڕابردودا چەندین جار هەوڵیداوە کە هۆشدارییەکانی بەرپرسانی ئامریکا لە پەیوەندی بەوەیکە بەم زووانە ڕووسیە هێرش دەکاتە سەریان لەپێش چاوی ڕای گشتی گرینگی پێ نادات.

ڕاپۆرتەکان ئەوە پیشان دەدەن "ئۆکراین" لە سێ لاوە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە گەمارۆ دراوە.

لەو پەیوەندییەشدا ویلایەتە یکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژەی هێزەکانی ڕووسیە لە نزیک سنوورەکانی "ئۆکراین" بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتێدپرێس" لە زاری بەرپرسێکی ئامریکایی بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئێستادا ١٣٠ هەزار کەس لە هێزە نیزامییەکانیی "ڕووسیە" لە سنوورەکانی "ئۆکراین" جێگر کراون.