کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا سیستەمی پاتریۆتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر کرد

16:40 - 12 خاکەلێوه 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندی و هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوو سیستەمی پاتریۆتی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە.

پاش هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەی "عەین ئەلئەسەد" کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوێ جێگیرن، ئامریکا و هەرێمی کوردستان دەستیان کرد بە دانووستاندن لەسەر دانانی سیستەمی دژە مووشەکی لە عێراق و کوردستاندا.

بەرپرسێکی نیزامیی ئامریکایی و بەرپرسێکی نیزامیی عیراق بە "فرانس پرێسـ"ـیان ڕاگەیاندووە کە حەوتووی ڕابردوو سیستەمێکی دژە مووشەکیی "پاتریۆت" لەلایەن ئامریکاوە نێردراوەتە بنکەی "عەین ئەلئەسەد" لە پارێزگای "ئەنبار".

هەروەها ئەو بەرپرسە ئامریکاییە وتوویەتی، سیستەمێکی دیکەی دژە مووشەکیی "پاتریۆتـ"ـیش بۆ پارێزگای هەولێر گواستراوەتەوە و جێگیر کراوە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوو سیستەمی دیکەی دژەمووشەکیی "پاتریۆت" لە وڵاتی "کوەیتـ"ـدان و پلانیان هەیە تا ئەو سیستەمانەش بۆ عێراق بگوازنەوە.

سیستەمی پاتریۆت، سیستەمێکی شوێن هەڵگرتنی مووشەکیی لەسەرە کە لەکاتی نزیکبوونەوەی مووشەکدا چالاک دەبێتەوە و هەر مووشەکێک بەو ئاراستەیەدا کە ئەو سیستەمە لێی جێگیر کراوە بڕوات تێکی دەشکێنێت.