کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا سێ کەس و شیرکەتێکی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای لوبنانی تەحریم کرد

10:50 - 29 بەفرانبار 2721

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانبار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سێ کەس و شیرکەتێکی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای لوبنانی تەحریم کردووە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداری، سێ کەسی خەڵک لوبنان بە ناوەکانی ''عادل دیاب، عەلی محەممەد داعون و جەهاد سالم عەلامە''ی کە یارمەتیی چالاکییە ماڵییەکانی گرووپی حیزبوڵڵایان دەکرد و وێڕای شرکەتێکی گەشتیاریی ئەو کەسانە بە ناوی ''دارولسەلام'' تەحریم کردووە.

ئەو گەمارۆیانە لە حاڵێکدایە کە ئابووریی لوبنان لەگەڵ قەیرانێکی دەگمەن بەرەوڕووە و گرووپی حیزبوڵڵا وەکوو بەشێک لە دەوڵەتی هاوپەیمانی لە ڕاستای چاکسازیی ئابووری بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بەربەستی دروست کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لەو بەیاننامەیەدا وتوویەتی کە حیزبوڵڵای لوبنان بە یارمەتیی تۆڕێکی بەربڵاو لە دەستوپەیوەندی و دەڵاڵە ئابوورییەکانی خۆی لە سەرچاوە و تۆڕی ماڵیی ئەو وڵاتە کەڵکاژۆ وەردەگرێت و لە قەیرانی ئابووریی ئێستادا توانیویەتی درێژە بە چالاکیی خۆی بدات.

ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئیران بە کەڵکوەرگرتن لە چالاکیی بازرگانی و ئابووری، ئیمکاناتی ماڵیی پێویست بۆ هەوڵی تێرۆریستی لە ناوچەکە و ناسەقامگیریی ناوەندە یاساییەکانی لوبنان دابین دەکات.