کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا سەرکوتکەرانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری تەحریم دەکات

10:54 - 20 خەزەڵوەر 2720

هەواڵدەریی "ڕوویتێرز" بڵاوی کردووەتەوە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەو کەسانەی کە لە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا دەستیان هەبووە تەحریم دەکات".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە: "ئامریکا هەتا حەوتووی داهاتوو گەمارۆی نوێ دەخاتەسەرئەو کەسانەی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە".

بەرپرسانی ئامریکا سەرکوتی مانگی خەزەڵوەری ٩٨یان وەک خوێناویترین ڕووداو لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ـەوە لەقەڵەم داوە وئەو گەمارۆیانە کە حەوتووی داهاتوو دەخرێنە سەر ڕێژیمی ئیران چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی ڕێژیم دەگرێتەوە.

  پێشتر هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا بەنیسبەت ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر کردبوو کە لەو ئامارە ١٣٠ کەسیان خەڵکی شاری "ماهشەهر"ی خووزستانن کە بە شێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەسڕێژ.

دوای تێپەڕینی ساڵێک لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ هەتا ئیستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەوە نەداوە و تەنیا جارێک ''موجتەبا زولنووری'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم وتبووی کە لەم خۆپیشاندانەدا ٢٣٠ کەس کوژراون.