کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٤٥ شارۆمەندی ئێران و ٣ شیرکەتی پەیوەندیدار بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

13:05 - 28 خەرمانان 2720

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان، گرووپێکی سایبێری بە ناوی ''هەڕەشەی بەردەوامی پێشکەوتو ٣٩''  وێڕای ٤٥ کەس  و شیرکەتێکی سێبەر لەژێر ناوی شیرکەتی ''ڕانا'' کە لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا چالاکیی دەکات، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: ''شیرکەتی ڕانا نزیکەی ١٥ شیرکەتی لە ئامریکا کە زیاتریان شیرکەتی موسافرەتی بوونە کردووەتە ئامانج''.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن ئەو شیرکەتەوە لانیکەم هێرشی سایبێری کراوەتە سەر دامەزراوە دەوڵەتی و شیرکەتە موخابراتییەکانی ١٥ وڵات لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا و ١٠ وڵات لە ناوچەی قەفقاز و ئاسیای ناوەندی.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە لوبنان دوو شیرکەتی بەهۆی هاوکاری لەگەڵ حیزبوڵڵا و کەسێکیش کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئەو دوو شیرکەتەوە هەبووە، خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ''ئەلیوت ئابرامز'' نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران و ڤێنزۆئێلا، ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان ڕایگەیاند کە سەرجەم گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانەوە وەگەڕ دەخرێنەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە ''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری ئامریکا بەنیازی ئەوەیە بڕیارێک دەر بکات کە هەر کەس گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران پێشێل بکات، سزایان بدات.