کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٨ شیرکەتی بەهۆی ناردنی کەرەستەی نیزامی بۆ ئێران تەحریم کرد

13:17 - 19 پووشپەڕ 2721

وەزارەتی بازرگانی ئامریکا ڕۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە ٣٤ شیرکەت کە ٨ دانەیان یارمەتی بە پەرەپێدانی بەرنامەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران دەکەن، خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە .

لە ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانیی ئامریکادا هاتووە کە ١٤ شیرکەتی چینی بەهۆی ئەوەیکە لە دەسبەسەریی و پێشیلکردنی مافی ''ئویغورەکان، قەزاقەکان و کەمایەتییە موسڵمانەکانـ'' ـی ئەو وڵاتە یارمەتیی دوڵەتی "چینـ"ـیان داوە تەحریم کراون.

وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو شیرکەتانە بەهۆی بەشداریی یان هاوکاری لەگەڵ ئەو چالاکییانەی کە دژی سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندیی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئامریکان، خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆکان.

ئەو ٣٤ شیرکەتەی کە تەحریم کراون، ٢٣ شیرکەت لە چین، ٦ لە ڕووسیە، دوو لە کانادا و هەروەها چەندین شیرکەت لە ئێران، لوبنان، هۆلەند، پاکستان، سەنگاپوور و کۆرەی باشوور، تایوان، تورکیە، ئیمارات و بریتانیا لەخۆ دەگرێت

لەو ٨ شیرکەتەی کە لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی نیزامیی ئێران تەحریم کراون تەنیا شیرکەتی "شیمی تێبی سینا" و بەرپرسەکەی''پەیام نەبەوی'' لە نێو خۆی ئێراندان.

ئەو گەمارۆیانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵەکانی خۆی وەگەڕ خستووە بەڵکوو بتوانێت لە وتووێژەکانی ڤییەن گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ئێران هەڵبوەشێندرێتەوە.