کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا غەرامە بە بنەماڵەی جۆرج فلۆید دەدات

11:56 - 23 رەشەمه 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ٢٧ ملیۆن دۆلار غەرامە بە بنەماڵەی ئەو ڕەشپێستە ئامریکاییە دەدات کە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە کوژرا.

شورای شاری "مینیاپۆلیس" ڕەزامەندیی لەگەڵ پێدانی غەرامەی ٢٧ ملیۆن دۆلاری بە بنەماڵەی "جۆرج فلۆید" ڕەشپێستی ئامریکایی کە لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە کوژرا دەربڕیوە.

"بێن کرامپ" پارێزەری بنەماڵەی "فلۆید" لە بەیانییەیەکدا وتوویەتی: "ئەمە گەورەترین ڕێککەوتنی مەدەنیی ئامریکایە هەتا ئێستا و پەیامێکی بەهێز دەگەیەنێت کە ژیانی ڕەشپێستەکان گرینگە و توندوتیژی دژ بە ڕەنگین پێستەکان دەبێ کۆتایی پێ بێت".

لە پاش کوژرانی ئەو ڕەشپێستە ئامریکاییە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، یەخەی بۆ بەرگریکردن لە مافی ئەو ڕەشپێستە دادەدڕی، لە حاڵێکدا سپای پاسدارانی ڕێژیم فڕۆکەیەکی ئۆکراینیی بە مووشەک پێکا و هەموو سەرنشینەکانی کوشت و لە کۆتاییشدا ناڕواتە ژێر باری غەرامەکەیەوە.

کوشتنی "جۆرج فلۆید" بە دەستی پۆلیسی ئامریکا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لە جیهاندا بەرانبەر بە ئەو کردەوەیە کە وەک کردەوەیەکی ڕەگەزپەرستانە پێناسەی بۆ دەکرا هاتە ئاراوە و لە ئاکامدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دۆخیان بە لای بنەماڵەی کوژراوەکەدا شکاندەوە.