کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێرانی لە گەرووی هورمۆزدا خستە خوارەوە

11:48 - 28 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزە دەریاییەکانی ئامریکا، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ڕێژیم ئێرانیان کە ویستوویەتی لە یەکێک لە کەشتییەکانیان نزیک ببێتەوە، خستووەتە خوارەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، "دانێڵد ترامپ" ڕایگەیاند کە هێزە دەریاییەکانیان لە گەرووی هورمۆزدا، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.

سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند کە ئەم دڕۆنە کەمتر لە یەک کیلۆمیتر لە کەشتییەکی ئاوی- زەوینیی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا بە ناوی "یو ئێس ئێس باکسەر"، نزیک بووەتەوە و گوێی بە هۆشدارەکان نەداوە، بۆیە بەناچار خستوویانەتە خوارەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە نوێترین کارە ئاژاوەگێڕانەکانی ئێران، لە دژی کەشتییەکانی نێو ئاوە نێونەتەوەییەکانە. ویلایەتە یەکگرتووەکان، پارێزگاریکردن لە هێز، دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی، بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت. ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کە هەوڵ و کارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کێشە دروستکردن لەهەمبەر ئازادیی دەریانەوردی و بازرگانیی جیهانیدا مەحکووم بکەن".

ناوبراو زیادی کرد: "من هەروەها داوا لە وڵاتانی دیکە دەکەم کە پارێزگاری لە کەشتییەکانی خۆیان لە گەرووی هورمۆزدا بکەن و لە داهاتوودا هاوکاریی ئێمەش بکەن".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە و لە دوایین هەڵوێستیاندا ڕایانگەیاندووە کە هیچ دڕۆنێکیان نەکراوەتە ئامانج. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم هەڵوێستەیشیان وەک هەمیشە پڕە لە چەواشەکاری.