کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: قاسم سلێمانی بڕیاری ڕەفاندن و کوشتنی ئامریکاییەکانی داوە

11:55 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا ڕایانگەیاندووە، کە  فەرماندەی سپای قودس، بڕیار ڕەفاندن و کوشتنی هاووڵاتییانی ئامریکای بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێرانی دەر کردووە.

مایکل مەک‌کوول، نوێنەری کۆماریخوازی ویلایەتی "تەگزاسـ"ـی ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "US today"ـی ئامریکایی، ڕایگەیاندووە، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەرپرسانی واشنگتۆن بە دەستیان هێناون، تێرۆریست قاسم سلێمانی، فەرماندە لقی قودسی تێرۆریستی سپای پاسداران، بڕیاری ڕەفاندن و کوشتنی سەرباز و هاووڵاتییانی ئامریکایی بە گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و بەتایبەتی حیزبوڵڵای لوبنانی داوە.

بەپێی وتەکانی ناوبراو، زانیارییەکانی بەرپرسانی واشنگتۆن و بڕیارەکەی تێرۆریست قاسم سلێمانی، بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا (پێنتاگۆن)، هێز و چەکوچۆڵی زۆرتر ڕەوانەی ناوچەکە بکات.

مەک‌کوول، لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "تێرۆریست قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە نامەیەکدا داوای لە میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان کردووە، کە هەوڵی ڕفاندن و کوشتنی سەربازە ئامریکاییەکان بدەن. هەموو بەرپرسانی ئامریکا دەزانن کە تێرۆریست سلێمانی، لەگەڵ میلیشیاکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی کە بۆ ڕێژیمی ئێران کار دەکەن، دیداری هەبووە و دەیشیبێت، بەو هۆیەشەوە پێیانی وتووە کە دەبێت خۆیان بۆ شەڕێکی نیابەتی بەرانبەر بە ئامریکاییەکان ئامادە بکەن".

ناوبراو، لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە تێرۆریست قاسم سلێمانی، لە پەیامەکەیدا لە حیزبوڵڵای لوبنان و بەتایبەت شانە تێرۆریستییەکانی ئەو گرووپە کە شارەزاییەکی باشیان لە ڕفاندن هەیە، داوای کردووە تەنانەت هاووڵاتییانی ئامریکاییش بڕفێنن و بیانکوژن.