کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: لێدانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئامانجی سەرەکیمانە

10:36 - 25 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: لە دوایین لێدوانەکانیدا برایان هووک باسی لە هەوڵە جیددییەکانی ئامریکا بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهان و کاریگەریی سیاسەتە نوێیەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بەم پرسە کرد.

برایان هووک سەرۆکی گرووپی هەنگاوی ئێران کە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی کردووە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئامریکا سەرچاوە ماڵییەکانی ئێران، بۆ تەیار و پڕچەک کردنی حەماس و حیزبوڵای کردووەتە ئامانج.

ناوبراو وتوویەتی: ئێستە کە تەحریمەکانمان گەڕاندووەتەوە، لە جێگەیەکدا ڕاوەستاوین کە هەموو کاناڵە ماڵییەکانی ئێران بۆ دابینکردنی پارەی کەرتی تێرۆریزممان بەستووە و بە ئاسانی دەتوانین بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بخەینە ژێر چاودێرییەوە.

هەر هەمان ڕۆژ هووک لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا هۆشداری جیددی دایە بانک و کۆمپانیا ئورووپاییەکان کە دەیانهەوێ بە ڕێکاری تایبەتی ماڵیی یەکیەتی ئورووپا هاوکاری ئێران بکەن و ڕایگەیاند کە ئەگەر وریا نەبن دەکەونە بەر تەحریمەکانی ئامریکا.

ناوبراو ڕوو لە کۆمپانیا ئورووپاییەکان وتوویەتی: ئەگەرچی دەزانین کە کۆمپانیا ئورووپاییەکان بازاڕی لەباری ئامریکا ناگۆڕنەوە بە بازاڕی لاوازی ئێران بەڵام باش بزانن ئامریکا تەحریمەکانی دژ بە ڕێژیمی وەحشی و توندڕەو زیاتر دەکات.

برایان هووک پێش لەم سەفەرەی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی مامۆستایان کە دەنگدانەوەی جیهانی هەبوو، لە تویتێکدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی ئێران دووپات کردەوە؛ لەم پەیامە ویدیۆییەدا هووک ڕایگەیاند: مانگرتنی کامیۆندار و مامۆستایان جارێکی تر دەرکەوتنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانە کە لە مانگەکانی پێشووتردا بینیمان.