کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران پێشوازی دەکات

13:24 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشوازی دەکات.

ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی سەرماوەزە، بەرانبەر بە ۱۸ی دیسامبر، "ڕابێرت پاڵدینو" جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ‌ئامریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، لە بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، پێشوازی کرد.

ڕابێرت پاڵدینو، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لە داخوازیی فەڕانسە و پارلەمانی ئورووپا، هەروەها بڕیارنامەی پیشنیارکراوی کانادا کە دژ بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانە و بە تێکڕای دەنگی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە، پێشوازی دەکات".

جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە جارێکی تر سەرەنجی کۆمەڵگای جیهانی لەسەر  پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕادەکێشێت. داخوازییەکانی کۆمەڵگای جیهانی نیشانەی نیگەرانییە لەسەر کۆی پێشێلکارییە ڕۆژانەکانی مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی ئێرانە".

ناوبراو لە کۆتاییی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند خاڵ لە پێشێکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەکوو هەڵاواردن و سڕینەوەی ژنان، بەندکردنی ڕەخنەگران و...هتد کرد و ڕایگەیاند: ئێمەش لەگەڵ کۆڕی داخوازییە جیهانییەکان لەسەر ئازادیی ئایین، ئازادیی بیروباوەڕ و سەرجەم ئازادییەکان لە ئێراندا هاوڕاین و ئەو ئازادییانە بە شایانی خەڵکی ئێران دەزانین.