کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا دۆخی نائاسایی خۆی درێژ کردەوە

11:57 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەو وڵاتە، درێژەی دۆخی نائاسایی لە بەرانبەر مەترسییە شاراوەکانی ڕێژیمی ئیرانی ڕاگەیاند.

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەختکردنەوە لەسەر نائاساییبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیم ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌تر درێژ کردەوە.

ترامپ لەو نامەیەدا نووسیویەتی: کە گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە.

سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوەش کردووە، کە پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکان هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا.

دوای دوو ساڵ لە بە دەسەڵات گەیشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا، ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی بارمتەگیریی لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاراندا ڕێک کەوتن، بەڵام هەندێک لە نێوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە هەتا ئێستاش دوای نزیک بە ٤٠ ساڵ بەڕێوە نەچووە و بەردەوام وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، بەرانبەر بە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، "جیمی کارتێر"، سەرکۆماری ئەوکاتی ئامریکا، سەبارەت بە رێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لە لایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکا درێژ کراوەتەوە؛ ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە سەردەمی سەرکۆماریی کارتێر بۆ یەکەمجار دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرا، ڕێی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکادا گرت.

ئامریکا، مووشکەکانی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، داعش و گرووپی ئەلنووسرە لە باکوور و ڕۆژهەڵات و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشەیەک بۆ تەناهیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان وەسف دەکات و جەختی دەکاتەوە کە ئامریکا بە هیچ شێوازێک ناهێڵێت کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.