کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە دامەزراوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە

13:40 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیتر کۆبوونەوەکانی خۆی بەبێ بەشداریی ئامریکا بەڕێوە دەبات.

"نیکی هێلی" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کشاوەتەوە، ئەوەش بە هۆی ئەوە بووە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئەو دامەزراوەیە، چالاکانە بەشدارییان لە کۆبوونەوە و بڕیارەکاندا و له شەڕەکەماندا لە پێناو چاکسازیی لەو شۆرا دووڕوو و خۆپەرستەدا، نەکردووە.

هێلی باسی لەوەش کردووە: "بەم کارەی ئێمە، دەمەوێت بە تەواوەتی ڕوونی بکەمەوە کە بە هۆی پێبەندبوونمان بە مافەکانی مرۆڤەوە لەم کارە گەڕانەوەمان نییە."

دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا، چەندین وادەی دابوو کە لە هەندێک ناوەند و دامەزراوەی نێودەوڵەتی بکشێتەوە و بوودجەی هەندێک لەو دامەزراوانەش بپچڕیت.

دامەزراوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێک لە دامەزراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانه. ئەرکی ئەو دامەزراوەیە پیشاندانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤه و ساڵی ٢٠٠٦ زایینی دامەزراوە.