کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە هەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانی دەربڕی

12:44 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە هەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، نیگەرانی وڵاتەکەیان دەربڕی.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەردانی وڵاتی لوبنانی کرد و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە، لەسەر بارودۆخی نێوخۆییی وڵاتی لوبنان و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان، باس و وتووێژیان کرد.

ڕابێرت پاڵادینۆ، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەمەڕ سەردانەکەی "مایک پۆمپێئۆ"، بۆ وڵاتی لوبنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران و گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکە و بەتایبەت لە وڵاتی لوبنان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: مایک پۆمپێئۆ، لەم سەردانەدا لەسەر چالاکییە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، لە وڵاتی لوبنان و سەرانسەری ناوچەکە نیگەرانی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی گرووپی میلیشیا چەکدارە شێعەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەکەن و ئەو گرووپە تێرۆریستییە وەکوو باسکی جێگیرکراوی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە بۆ کاروباری ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە هەژمار دەکرێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: لەو کۆبوونەکانەدا لەگەل بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی وڵاتی لوبنان، بەو ئاکامە گەیشتین کە هەردوو وڵاتی ئامریکا و لوبنان، لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان، لەو وڵاتە و سەرانسەری ناوچەکەش، هاوڕێ بن.