کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە هەولێر سیستمی مووشەکیی دامەزراند

12:19 - 29 جۆزەردان 2722

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئامریکا لە بنکەی نیزامیی "حەریر" لە "هەولێر"، سیستمی مووشەکییان دامەزراند.

سەرچاوەیەکی عێراقی باسی لەوە کردووە کە ڕۆژی هەینی دەنگی چەند تەقینەوە لە بنکەی "حەریر" سەر بە پارێزگای "هەولێر" بیستراوە.

بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئامریکا لەو ڕۆژەدا ڕاهێنانی نیزامییان کردووە و چەند فڕۆکە دیمەنیان لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری “هەولێر" هەڵگرتووەتەوە و دەنگی تەقینەوە لەو بنکەیە بیستراوە.

بنکەی "حەریر" لە ناوچەی "شەقڵاوە" هەڵکەوتووە و ٧٥ کیلۆمیتر لە "هەولێر" دوورە و نزیکترین بنکەی نیزامیی ئامریکا لەنێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتە.

ئەرتشی ئامریکا ساڵی ٢٠١٥ بۆ شەڕ دژی داعش ئەو بنکەیەی دروست کردووە کە مووشەکی بەرگری و فڕۆکەی شەڕکەر و ڕاداری پێشکەوتووی تێدا جێگر کردوون.

دانانی ئەو سیستمە لە دۆخێکدایە کە هێز و بنکە نیزامیەکانی ئامریکا لەوانە "عەینولئەسەد" لەلایەن ملیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکەونە بەر هێرش.