کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە هەوڵ دایه هاوپەیمانەتییەک دژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنێت

18:45 - 28 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا - بەرپرسانی ئامریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا، لە هەوڵ دان هاوپەیمانەتییەک دژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنن.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، "هیدر نائورت"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە جیددی هەوڵ دەدات کە هاوپەیمانەتییەک بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پێک بێنێت.

نائورت باسی کردووە کە ئامانجی ئامریکا پێک هێنانی هاوپەیمانەتییەکە لە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا باسی لەوەش کردووە، ئامریکا نە تەنیا لە بواری ناوکیەوە چاودێری بە سەر چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەکات بەڵکوو چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمەش وەک مەترسییەک بۆ سەر جیهان ئەژمار دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، سەرەتای ئەم حەوتوویە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا میوانداریەتی لە ٢٠٠ باڵوێزی وڵاتانی جیهان کردووە کە لەبارەی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان کردووە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا بووەتە هۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنییەتی نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بەردەوام هۆشداری بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەدەن.

لەو پێوەندییەدا، لە دوایین دانیشتنی شۆرای هاوکاریی کەنداو، وڵاتانی عەرەبی بۆ دەست پێکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ٥ داواکارییەکان پێشکەش بەر ڕێژیمی ئێران کردبوو.

یەکێک لەو داواکاریانەی شۆرای هاوکاریی کەنداو ئەوە بوو که ڕێژیمی ئێران دەست لە دەستێوەردانەکانی خۆی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێدا هەڵبگرێت.