کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە هەوڵدایە هاوپەیمانەتییەک لە دژی ڕێژیمی ئێران پێک بهێنێت

12:02 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، باسی لە پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەک لە چەشنی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" وتی: "لەو باوەڕەداین، پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەکی لە چەشنی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێبەجێ دەکرێت. تەواوی وڵاتانی ناوچەکە لەوە تێدەگەن کە هەبوونی ناوەندێک لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانیان سوودمەندە، ئێمە ڕێککەوتنە سەرەکییەکەمان هەیە و تەنیا دەبێت لەسەر هەندێک لە وردەکارییەکان کار بکەین".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لەم وتووێژەدا جەختی لەسەر قسەکانی دانڵد ترامپ لە وتاری ساڵانەی  کۆنگرەی ئامریکا کردەوە و وتی: "ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد کە دەرفەتی ئەوەی پێ دا پەرە بە بەرنامە ناوکییەکانی بدات، ئێمە ئێستە لەم ڕێککەوتنە هاتووینەتە دەرەوە چووینەتە ناو "کەمپینێکی جیدییـ"ـەوە هەتا دڵنیا بین خەڵكی ئێران ئەو دەرفەتەیان دەبێت قسەی دڵی خۆیان بکەن. کاتێک کە خەڵکی ئێران بتوانن قسە بکەن، ئەوە دەڵێن کە لە بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، یەمەن، عێراق و لوبنان ڕازی نین".

هەروەها مایک پۆمپێئۆ، لە بارەی ٤٠ ساڵەبوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییەوە وتبووی: "ئەم حەوتووە ساڵیادی ٤٠ ساڵەبوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، ئەزمووونێکی تاڵی خەڵکی ئێران و نیزامێکە کە ئێستا گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەر کام لەم کەموکۆڕیانە لە نێو ببەین".