کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە هەوڵی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانە

13:01 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی شێعەی عێراق بە تێرۆریست وەسف بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی نیۆیورک تایمز، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لە هەوڵی ئەوەدان، کە سپای پاسداران و گرووپە میلشیا چەکدارەکانی شێعەی عێراق، کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە دامەزراون بە گرووپەکانی تێرۆریستیی بناسێنن و سزا بدرێن و بەرپرسانی عێراقی کە سەر بەو گرووپانن وەبەر سزای ئامریکا دەکەون.

پۆمپێئۆ باسی لەوە کرد، خەریکی تاوتوێ پرسی گرووپە نیزامی و میلیشیاکان و یەک لەوان سپای پاسدارانە و بەدووری نەزانێت کە گرووپەکانی هاوشێوە، بە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان زیاد بکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە مانگی ڕابردوودا، گرووپێکی میلیشیای چەکداری عێراقی خستە نێو لیستی گرووپە تێرۆریسییەکانەوە. 

لەم پەیوندییەدا، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، پارلەمانی دەوڵەتی کانادا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خستە نێو لیستەی تێرۆرەوە.

سپای پاسداران هەتا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار.

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧، سپای قودس، كه‌ لقی سپای پاسداران لە ده‌ره‌وه‌ی وڵاتە، خستووەته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانەوە. له‌م ساڵانه‌ی دواییەشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون.