کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە کارائیب لە ئامادەباشیدایە

12:52 - 28 بانەمەڕ 2720

پاش ڕەوانەکردنی کەشتییەکی نەوتیی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی وێنێزۆئیلا، ئامریکا لە ناوچەی کارائیبدا جێگیر بووە و کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەندێک لە هەواڵدەرییەکان ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ ڕایانگەیاندووە کە ئامریکا "٤ ناوگانی نیزامی" و "فڕۆکەی بووئینگی P8 پۆسایدۆنـ"ـی ناردووەتە ناوچەی کارائیب و چاوەدێریی ڕەفتاری ئێران دەکات.

بەرپرسێکی پلەباڵای ئامریکا پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی تاوتوێی تەکبیرگەلێکەن دژ بە هەوڵەکانی ڕیژیمی ئێران بەنیسبەت ناردنی سووتەمەنی لەلایەن  ئەو ڕێژیمەوە بۆ ڤێنیزۆئێلا.

لەبەرانبەردا هەواڵدەرییەکی نزیک لە سپای تێرۆریستیی پاسداران بڵاوی کردبووە کە هەر چەشنە هەوڵێکی ئامریکا کە "وەکوو چەتە دەریاییەکان" بەرانبەر بە ئەو بارە سووتەمەنییەی ئێران بۆ ڤێنێزۆئێلا ئەنجام بدرێت؛ لێکەوتەی بەدواوە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی سیستمی "ڕیڤینیتیۆ ئایکۆن"، که سیستمێکه بۆ شوێنهەڵگرتنی کەشتی و بەلەمەکان، دەرخەری ئەوەیە لانیکەم تانکرێکی دەریایی لە کەناراوەکانی ئێراندا باری هەڵگرتووە و بەرەو "ڤێنێزۆئێلا" ڕێ کەوتووە تا یارمەتیی ئەو وڵاتە بدات کە لەگەڵ قەیرانی سووتەمەنی بەرەوڕوویە.

ڤێنێزۆئێلا وڵاتێکی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران و دژ بە ئامریکایە و وڵاتێکی دەوڵەمەند لە ڕووی سەرچاوە نەوتییەکانە، ئێستاکە بەهۆی قەیرانی ئابووریی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی "نیکۆلاس مادۆرۆ"، پێویستییەکی زۆری بە بێنزین و باقی ماددە سووتەمەنییەکانە.