کوردستان میدیا: ئەگەرچی ئامریکا بڕیاری دا کە لە سووریەدا بکشێتەوە، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێزێکی ئاشتیپارێز دەنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاژانسی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" (Reuters)، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیاری داوە، ٤٠٠ سەرباز لە کوردستانی ڕۆژئاوای و سووریەدا بهێڵێتەوە و ببنە بەشێک لە هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی.
ئەو ٤٠٠ سەربازە ئامریکایییە بەشێکن لە هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی و لە کوردستانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریهدا که لە بنکەی سەربازیی تەنەف جێگیر دەبن.
دوایین ڕۆژەکانی مانگی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کە ئیدارەی دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریەی دا
هێزەکانی ئامریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە)، لە کوردستانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سووریەدا جێگیر ببوون.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئامریکا بۆ ڕزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریه لە دەست ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش پێک هاتووە.
دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئامریکا لە سووریە و ئەفغانستان، قسە و باس لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئامریکا لە عێراق کرا. بە نیسبەت ئەو بڕیارە شارەزایەكی نیزامیی ئیسرائیل هۆشداری به ئامریکا داوە و وتوویەتی: كشانەوەی هێزەكانی ئامریکا لە عێراق هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورە دەبێت و زیانێكی زۆر وە بەر هاوپەیمانانی ئامریکا، وەك: كورد، سعوودیە و ئیسرائیل دەکەوێت، بەپێچەوانەوەش مانەوەی هێزەكە دەبێتە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم هەوڵی فراوانخوازیی ئێران.