کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە یوونێسکۆ ڕۆیشتە دەرەوە

12:03 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی ناتەبایی و دژایەتیکردنی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل لە لایەن هێندێ وڵاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕێکخراوی "یوونێسکۆ" (UNESCO) چووە دەرەوە.

ئامریکا بڕیاری خۆی بۆ چوونەدەروە لە ڕێکخراوی "یوونێسکۆ"، کە ڕێکخراوێکی زانستی، فەرهەنگی و ئامووزشی لە ئاستی جیهاندایە، بە کردەیی کرد و بە فەرمی لەو ڕێکخراوەدا نەما.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ئامریکا، چاوەدێرێک لەو ڕێکخراوەدا بۆ خۆی دەستنیشان دەکات، بەڵام مافی ئەندامەتی نادات و لە کۆمیتەی میراتی جیهانیش مافی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی نییە.

واشنگتۆن ساڵی ١٩٨٤ی زایینی، سەردەمی دەوڵەتی "ڕۆناڵد ڕێگان"، بە هۆی دژایەتی لەگەڵ ئامریکا لەو ڕێکخراوە چووە دەرەوە. ساڵی ٢٠٠٣ دووبارە پەیوەست بەو ڕێکخراوە بووەوە. ئێستاش بە هۆی دژایەتیکردنی ئیسرائیل و کێشمەکێشی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیل لەو ڕێکخراوە کشایەوە.

"نائۆرت"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە: "ئەو بڕیارە زۆر ئاسان نەبوو، بڕیاری ئامریکا به هۆی بەرزبوونەوەی قەرزی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بوو، کە ئەو وڵاتەی نیگەران کردبوو. لە لایەکی دیکشەوە دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل لەو ڕێکخراوەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو، بۆیە ئامریکا لەو ڕێکخراوەیە کشایەوە".

یوونێسکۆ یەکێک لە لقەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، که ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە.

لە یوونێسکۆدا ١٩٣ وڵات ئەندامن، بنکەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە لە پاریسە و زیاتر لە ٥٠ نووسینگە و بەشی لە وڵاتانی تری جیھاندا ھەیە.