کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ماڵپەڕی سێ شیرکەتی ڕێژیمی ئیرانی بەهۆی ڕاگواستنی سووتەمەنی بۆ ڤێنێزۆئێلا داخست

13:24 - 8 خەرمانان 2720

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ماڵپەڕی سێ شیرکەتی ڕێژیمی ئێرانی بە ناوەکانی "موبین ئێنتێرنەشناڵ، سەحار فایۆڵ و عەمان فایۆڵـ"ـی بەهۆی ڕۆڵگێڕییان لە گواستنەوەی سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێران بۆ ڤێنێزۆئێلا داخستووە.

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئەو سێ شیرکەتە باری چەند ملیۆن دۆلاریی سووتەمەنیی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان بۆ ڤێنێزۆئێلا ڕێک خستووە.

ڕۆژی هەینی  ٢٤ی گەلاوێژ، وەزارەتی دادگای ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا دەسبەسەرداگرتنی چوار کەشتیی هەڵگری سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێرانی پشتڕاست کردەوە کە بەرەو ڤێنێزۆئێلا دەڕۆیشت.

دادگای ئامریکا بەهای سووتەمەنیی ئەو چوار کەشتییە ئیرانییەی بە ٤٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە کردبوو و بەپێی ڕاگەیندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئەو بڕە پارەیە بۆ قوربانییانی دەستی تێرۆر تەرخان دەکرێت.

پێشتریش لەلایەن ئامریکا و چەند شیرکەتێکی دیکەوە چەندین ماڵپەڕ و کاناڵی فەرمیی ڕێژیمی ئێران و کاربەدەستانی ڕێژیم بە هۆکاریی جیاواز داخراون و چیتر ئیجازەی چالاکییان پێ نەدراوە.