کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا مۆڵەتی بە ڕووسیە داوە کە لە داوکاریی خۆی لە وتووێژەکانی بەرجام پاشگەز ببێتەوە

12:14 - 23 رەشەمه 2721

یەک ڕۆژ دوای هۆشداریی سێ وڵاتی ئورووپایی بە ڕووسیە، ڕۆژنامەی ''واڵستریت ژورناڵ'' لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە کە مۆڵەتی یەک حەوتوویی بە ڕووسیە دراوە هەتا داواکارییەکەی لە بابەت وتووێژەکانی ڤییەن وەربگرێتەوە.

لەمەڕ چارەنووسی بەرجام یەکێک لەو بژاردانەی کە هاتووەتە بەرباس ئەوەیە کە ڕووسیە لە وتووێژەکان وەلا بنرێت کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەو بژاردە کاردانەوەی نەبووە بەڵام کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم دژایەتی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''واڵستریت ژورناڵ'' واشنتۆن بە مۆسکۆی ڕاگەیاندووە لە داواکاریی خۆی لە وتووێژەکانی بەرجام لە ماوەی حەوتوویەکدا پاشگەز ببێتەوە، ئەگەرنا ئامریکا بۆ ڕێککەوتنێکی جێگەرەوە لەگەڵ ئیران هەوڵ دەدات.

ڕووسیە لە ڕۆژانی ڕابردوو داوای لە ئامریکا کردبوو کە گەرەنتیی ئەوەی پێ بدات دوای بە ئەنجامگەیشتنی ڕێککەوتنی بەرجام گەرمارۆکانی ڕۆژاوا دژی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرش بۆسەر ئۆکراین، لەسەر هاوکارییەکانی ئابووری و نیزامی نێوان مۆسکۆ و تاران کاریگەری نابێت.

ئامریکا پێشتر لە کاردانەوە بەو داوکارییە وتبووی گەمارۆکانی ئامریکا دژی ڕووسیە، پەیوەندییەکی بە بەرجام نییە.

''واڵستریت ژورناڵ'' نووسیویەتی کە داواکاریی ڕووسیە بەربەستێکی جیدی لە ڕەوتی دەستپێڕاگەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرجامە.

سێ وڵاتی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژەکانی بەرجام هۆشدارییان دابوو کە پیداگریی ڕووسیە لەسەر مەرجەکانی؛ بە واتای بە بارمتەگرتن لە بەرجامە و دەتوانێت بە ئاکام گەیشتنی بەرجام هەڵوشینێتەوە.