کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا مۆڵەتی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ئێران هەڵوەشاندەوە

16:51 - 2 رێبەندان 2721

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە دامەزراوەی پلەبەندیی کەشتیڕانیی ئامریکا ناسراو بە "ئەی بی ئێس" لە مانگی ڕابردوودا مۆڵەتی ئیمەنی و ژینگەپارێزیی دوو نەوتهەڵگری بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز" دامەزراوەی یەکیەتیی دژی ئێرانی ئەتۆمی" کە بە وردی چاودێریی جموجۆڵی ئەو نەوتهەڵگرانە دەکات کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە، مانگی دێسامبری ساڵی ڕابردوو دامەزراوەی پلەبەندیی کەشتیڕانیی ئامریکای ئاگادار کردبووه کە چەندین نەوتهەڵگر کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە چاودێری کردووە و کۆمەڵێک بەڵگەیان سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان بەدەست هێناوە و ئەوانیش بەڵگەکانیان داوەتە بەرپرسانی ئامریکا سەبارەت بە سزادانیان.

ئەم دوو نەوتهەڵگرە یەکێکیان نەوتهەڵگری "کارۆ" بووه بە ئاڵای "پاناما"وە و ئەوی دیکەش نەوتهەڵگری "ئەلسا" بوو بە ئاڵای "بلیز".

دامەزراوەی پلەبەندیی کەشتیڕانیی ئامریکا، یەکێک لەو ١٢ دامەزراوە ناسراوەی جیهانییە کە لە بواری  پێدانی مۆڵەت بە کەشتییەکان بۆ هاتوچۆی دەریایی چالاکیی دەکات و کەشتییەکانیش بۆ هاتوچۆ پێویستییان بە مۆڵەتی ئەم دامەزراوەیە.

بە بێ مۆڵەتی ئەم دامەزراوەیە، کەشتییەکان ناتوانن خۆیان بیمە بکەن و هەروەها لەگەڵ زۆربەی بەندەرە نێودەوڵەتییەکان پێوەندیی بگرن.