کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا "مێکانیزمی ماشە" چالاک دەکاتەوە

12:46 - 26 گەلاوێژ 2720

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پاش ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەکەی لە شورای تەناهیی نەتەوەییدا ڕایگەیاند کە "مێکانیزمی ماشە" چالاک دەکرێتەوە.

دوو ڕۆژ پاش سەرکەوتوونەبوونی هەوڵەکانی ئامریکا بۆ دووبارەبوونەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێران لەلایەن شورای تەناهیی نەتەوەییەوە، "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا باسی لە هەنگاوی دوایی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران کرد.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە "بەدمینیستێر"، باسی لە کاردانەوەی سەرکۆماری ئامریکا بەرانبەر بە پێشنیاری "ڤلادیمێر پووتین"، هاوتای ڕووسیەیی خۆی سەبارەت بە دانیشتنی بەپەلەی ڕێبەرانی وڵاتانی پێنج کۆ یەک کردووە.

"ڤلادیمێر پووتین" داواکاری بەڕێوەبردنی دانیشتنی بەپەلەی سەرجەم وڵاتانی خاوەن مافی دەنگدان لە شورای تەناهی و هەروەها ئاڵمان، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێرانی کردووە، لەو دانیشتنەدا بڕیار بووە ڕێژیمی ئێرانیش بەشداری بکات.

"ترامپ" لە وڵامی هەواڵنێرێکدا سەبارەت بە بەشداریی سەرکۆماری ئامریکا لە دانیشتنێکی وەهادا وتوویەتی کە ئەگەری هەیە بەشدار نەبێت و بە ساردی وڵامی داواکەی پووتینی داوەتەوە.

"ترامپ" لە درێژەی ئاخاوتنەکانی خۆیدا سەبارەت بە کۆتایی پێهاتنی گەمارۆی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئێمە لە مێکانیزمی ماشە کەڵک وەردەگرین و ئێوە لە حەوتووی داهاتوودا شایەتی ئەو بابەتە دەبن".

"مێکانیزمی ماشە" ڕێکارێکی چاوەڕوان کراوە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێراندا.

بەپێی ئەو ڕێکارە، هەرکات یەکێک لە وڵاتانی بەشدار لەو ڕێککەوتنە بەڵێنییەکانی خۆی بەڕێوە نەبات، لایەنی بەرانبەریش مافی بەڕێوە نەبردنی بەڵێنییەکانی دەبێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتی خۆیدا بە ئاماژەدان بە چوونە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨دا سەبارەت بە مافی ئامریکا بۆ چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە شک و گومانی نیشان داوە.

گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا کۆتایی پێ دێت و ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئیزن بە کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نادەن.