کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: نابێ جیهان تەسلیمی خواستی ڕێژیمی ئێران بێت

13:30 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاش ئەوەی کە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕژیم ڕایگەیاند کە بە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم تا مانگی پووشپەڕ، بەرجام هەڵدەوەشێنێتەوە، بەرپرسانی ئامریکایی داوایان لە تەسلیم نەبوون لە بەرانبەر خواستەکانی ئەم ڕێژیمە کرد.

"مۆرگان ئۆرتێگس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، لە لێداونێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە دانانی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژە، باسی لەوە کردووە کە نابێ جیهان تەسلیمی خواستەکان و زۆرگیرییە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران بێت.

ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ١٠ ڕۆژی داهاتوودا، ڕێژەی دیاریکراو و سنوورداری بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕادەگرێت."

هەر لەم پەیوەندییەدا، شۆرای ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کاردانەوە بە هەواڵی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە: "بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، جۆرێک زۆرگیریی ئەتۆمییە کە دەبێ لەگەڵ گوشارە نێونەتەوەییەکاندا ڕوبەڕوو ببێتەوە."