کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ناتوانین هەتا سەر چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئێران بۆ وتووێژەکانی ناوکیی بین

13:23 - 13 خەرمانان 2721

''ڕابرێت ماڵی'' نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران وتوویەتی، واشنتۆن ناتوانێت هەتا سەر چاوەڕوانی بڕیاردانی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ وتووێژەکانی ناوکیی ناسراو بە بەرجام بمێنێت.

''ڕابرێت ماڵی'' لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''بلومبێرگـ''ـدا وتوویەتی، ئامریکا هەتا ئیستا نیشانەیەکی لەسەر ئامادەیی کابینەی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' بۆ بەشداریی لە خولی حەوتەمی وتووێژەکانی بەرجام، پێ نەگەیشتووە.

وتووێژەکانی ڤییەن دوای ٦ خول لە ٢٨ی جۆزرەدانی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ دەسنیشانکردنی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' ڕاوەستاوە و ''حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەم دوایانەدا وتوویەتی کە گەڕانەوە بۆ وتووێژەکان ڕەنگە هەتا سێ مانگی دیکە بخایەنێت.

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران وتوویەتی، ئێمە ناتوانین هاوکات کە ئێران لە حاڵی بەرەپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکانییەتی هەتا سەر چاوەڕوان بین، چونکە درێژەی چالاکییەکانی ئێران دەبێتە هۆی ئەویکە گەڕانەوە بۆ بەرجام لە قۆناغییکی تایبەتدا بێ سوود بێت.