کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ناوگانی نیمیتزی لە ناوچەکەدا هێشتەوە

18:06 - 15 بەفرانبار 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕیژیمی ئێران هەنگاوێکی نوێی هەڵگرتووە و ناوگانی نیمیتزی لە ناوچەکەدا هێشتووەتەوە.

بەهۆی زۆربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا و بەردەوامیی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و سەرجەم بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا "پێنتاگۆن" بڕیاری دا کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی تاران ناوگانی "یوو ئێس ئێس نیمیتز" لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.

"کریستۆفێر میلێر" سەرۆکی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ڕێبەرانی ئێران دژ بە دانڵد ترامپ و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتی ئامریکا، ناوگانی نیمیتزی ئامریکا جێبەجیبوونی ئاسایی خۆی لە ئێستادا ڕاگرتووە و لە ناوچەی عەمەلیاتیی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ ساڵمەرگی تێرۆریست قاسم سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو زۆر بووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا پێشتر "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڕەشەی ئەنجامدانی عەمەلیاتی تێرۆریستیی لەنێو ئامریکادا لەو وڵاتە کردبوو.