کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ناوگانێکی دیکە ڕەوانەی کەنداو دەکات

12:57 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ستادی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند کە بە دوای هێرشکردن بۆ سەر نەوتکێشەکان، ئەو وڵاتە ناوگانێکی نوێ بۆ ناوچەکە دەنێرێت.

ستادی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا – سێنتکام، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند کە ئامریکا حەزی بە شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا نییە، بەڵام بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، کە یەک لەوان ئازادیی کەشتیڕانییە، ناوگانێکی نوێ بۆ کەنداو دەنێرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوی سێنتکام، ''ناوگانی مەیسۆن'' لە ڕێگای دەریای "عومانـ"دایە.

"ئۆرۆل برۆن"، وتەبێژی سێنتکام، پێشتر باسی لەوە کردبوو کە ئامریکا و شەریکەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەوڵی پێویست ئەنجام دەدەن.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو کە هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، بۆ سەر دوو کەشتیی نەوتکیش لە دەریای عوماندا، هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ ئازادیی نێونەتەویی کەشتیڕانی و ئازادیی بازرگانییە.

هەروەها، "پاتریک شاناهان"، سەرپەرستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، هێرش بۆ سەر ئەو دوو نەوتکێشە لە دەریای عوماندا، بە ''کێشەیەکی جیهانی'' ناو برد و ڕایگەیاند: "ئامریکا لە لە هەوڵی ئەوەدایە کە یەکگرتووییەکی جیهانی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم کێشەیە پێک بێنێت." 

ڕێژیمی ئێران، کە لە لایەن ئامریکا، بە هێرشکردن بۆ سەر نەوتکیشەکان تۆمەتبار کراوە و لە لایەکی دیکەوە میلیشیا چەکدارەکانی حووسی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لیدەکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، چەندین هێرشیان بۆ سەر عەرەبستان ئەنجام داوە.  

هەر لەم پەیوەندییەدا، "خالید بێن سەلمان"، جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، وتبووی: "ڕێژیمی ئێران تەنیا لایەنێکە کە ڕاشکاوانە بە دوای تێکدانی دۆخەکەیە و بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، دامەزراوەکانی عەرەبستان و خەڵکی بێتاوان کە لە کاری نیزامیدا نین، دەکاتە ئامانج.