کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هاووڵاتییەکی ئوسترالیایی سزا دا

11:32 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا، هاووڵاتییەکی ئوسترالیایی بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران سزا دا.

دادگایەکی ئامریکا، هاووڵاتییەکی ئوسترالیایی، بە هۆی پێشێلکردنی بڕیاری گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و فرۆشتنی پارچەی مووشەک، پهپاد و ئەژدەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دانی ٢٠٠ هەزار دۆلار سزا داوە، کە ئەم سزایە هاونرخی ئەو کەلوپەل و پارچانەیە کە بە ڕێژیمی ئێرانی فرۆشتووە.

ناوەندی هەواڵدەریی SBS، شوناسی ئەم هاووڵاتییە ئوسترالیاییەی بە "دەیڤید لویک "، تەمەن ٥٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

دەیڤید لویک، لە ساڵی ٢٠٠٧ هەتا ٢٠٠٨ـەوە، کەلوپەل و پارچەی دروستکردنی مووشەک و چەکی بە ڕێژیمی ئێران فرۆشتووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا بە حوکمی دادگای ئامریکا لە وڵاتی ئوسترالیاوە بۆ ئامریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بانگهێشت کرا.

هەر لەم ڕاستایەدا، لە ساڵی ڕابردوودا، مەئمورانی گومرۆکی وڵاتی بریتانیا هەواڵی دەسبەسەرکردنی تۆڕێکی قاچاخی پارچەی فڕۆکەی نیزامییان بە ڕێژیمی ئێران  بڵاو کردەوە، کە پارچەکانی فڕۆکەی F4ی ئامریکایی و MIGی ڕووسی کڕیوە و لە ڕێگەی  کۆمپانیاگەلێک لە وڵاتی "مالزی، دوبەی و هوڵەند"دا بە شێوەی نهێنی و قاچاخ بۆ ئێرانیان بردووە.