کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هۆشداری به چند وڵات دا

16:54 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لە کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی ماڵی، هۆشداری به چەند وڵات دا که ئاگادار بن ڕێژیمی ئێران لە چ ڕێگاهایەکەوە لە هەوڵی فریو دانی کۆمەڵگای جیهانییە.

ڕۆژی هەینی، ٩ی خاکەلێوە، "سیگال مندلکر"، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لە کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی ماڵی، لە سەردانی خۆی بۆ چەند وڵاتی ئاسیاییدا باسی لەوە کرد، ئامریکا دەیهەوێت ڕادەی هۆشیاریی وڵاتانی سەنگاپور، مالێزی، هیندوستان و وڵاتانی دیکه لەهەمبەر بازرگانی نەوت لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و دەرنجامی سەرپێچی لە گەمارۆکانی ئامریکا پەرە پێبدات.

"مندلکر"، ڕو لە وڵاتانی سەنگاپوور و مالێزی، باسی لەوە کرد، ئەوە گرینگە ئەم وڵاتانه لە دەوردانەوی گەمارۆکان لەلایەن رێژیمی ئێران، لە ڕێگای بازرگانی نەوت و فریودانی کۆمەڵگای جیهانی، ئاگادار بن.

ناوبراو هەروەها، لە هەوڵەکانی ئامریکا بۆ چڕکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە.   

 دەوڵەتی ئامریکا، بۆ پێشگرتن لە دەوردانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین کەس و کۆمپانیای سزا داوە.

لەم پێوندییەدا، ئامریکا لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ ی هەتاوی، ٥٦ کەس و و کۆمپانیای لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە تۆمەتی هوکاری و دەوردانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران  سزا داوە و لە ڕیزی گەمارۆکانی خستوون.