کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هۆشداریی بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان دەدات کە فڕۆکەکانیان بەسەر کەنداودا هاتووچۆ نەکەن

11:45 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشێنگتۆن، ئامریکا سەبارەت بە هێرشی نەخوازراو و بەهەڵە بۆ سەر ئەو فڕۆکانەی کە بە سەر کەنداودا هەڵدەفڕن، هۆشداریی بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی وێبسایتی هەواڵیی "ئیندێپێندێنت"، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، چەند دیپلۆماتی سەربە بە ئیدارەی فڕۆکەوانیی ئامریکا ڕایانگەیاندووە، ناکۆکییەکانی ئەم دواییانە مەترسین بۆ سەر پیشەی ئاسمانیی نێونەتەوەیی.

پاش پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن، دیپلۆماتە ئامریکاییەکان هۆشدارییان بەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییانە داوە کە بە سەر کەنداودا هەڵدەفڕن و باسیان لەوە کردووە، کە ڕەنگە "بە هەڵە" بناسرێن و هێرش بکرێتە سەریان.

ئەم هۆشدارییانە پاش ڕاگەیەندراوی کۆمپانیایەکی بیمەی بریتانیایی، سەبارەت بە مەترسیداربوونی کەشتیڕانیی لە ناوچەی کەنداو ڕاگەیەندران.

ئەو نیگەرانییانە سەبارەت بە پیکدادانەکان لە ناوچەکەدا، پاش بەڕێکردنی ناوگانە فڕۆکە هەڵگرەکان و بۆمب هاویژەکان، لە لایەن کۆشکی سپییەوە بوو، کە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران لە کەنداو جێگیر کراون.

هەروەها یەکێکی تر لە بەڵگەکانی پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان ئامریکا و ئێران، هێنانەدەرەوەی بەشێک لە فەرمانبەرانی ئامریکایی لە عێراقە.