کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێرشی سایبریی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەست پێکردووە

11:17 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا لە هێرشە سایبرییەکانیدا، سپای تێرۆریستی پاسدارانی کردووەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە میدیاکانی دەوڵەتی ئامریکا و هەندێک لە شیرکەتە ئەمنیەتییە سایبرییەکان، لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دەوڵەتی ئامریکا هێرشە سایبرییەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەست پێکردووە.

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" و هەواڵدەریی "ئاسۆشیتێدپرێس"، لە زاری چەند بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکەن، ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرکۆماری ئامریکا، "دانێڵد ترامپ" دەستی پێکردووە.

بەپێی دوو سەرچاوەی پێشوو، ئامریکا ئەم هێرشە سایبرییانەی بۆ سەر سپای تێرۆریستی پاسداران ئەنجام داوە و کاری کامپیۆتەرە کۆنترۆڵکەرەکانی ڕاکێت و مووشەکەکانی تووشی کێشە کردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا، هەواڵدەریی "ئاسۆشیتێدپرێس"، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێرانیش هێرشە سایبرییەکانی لە حەوتووی ڕابردووەوە بۆ سەر ناوەندە دەوڵەتی، ئابووری و بەشەکانی نەوت و گازی ئامریکا فراوانتر کردووە. ئەم هێرشانە لە ڕێگای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیارییەکانی تۆڕ لە ڕێگای ماڵپەڕ یان ئیمەیلی ساختەوە ئەنجام دراون و تەنانەت ئیمەیلە فیشینگەکانیش بۆ دەفتەری سەرکۆماری ئامریکا ناردراون.