کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەوانە دەکات

12:47 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەڵوێستەکانی ئامریکا و ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە و ئامریکاش بۆ کۆنتڕۆڵی هەر چەشنە جووڵەیەکی ئێران کەرەستە و کەلوپەلی نیزامیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "پاتریک شاناهان"، سەرپەرەستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا (پێنتاگۆن)، لەگەڵ دانانی سیستمی دژە مووشەکیی پاتریۆت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە.

پێنتاگۆن بڵاوی کردووەتەوە کە ناوێکی شەڕکەری دیکەی بە ناوی "یوو.ئێس.ئێس.ئارلینگتۆن"، ڕەوانەی ناوچەکە کردووە کە ئامانج لە ناردنی ئەو ناوە شەڕکەرە ئامادەیی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانه.

پێش ئەو بڕیارەی واشنتۆن، ناوی شەڕکەری "ئابراهام لینکۆلێن"، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرابوو.

دەریاردار، "جیم ماڵوی"، باسی لەوە کردووە کە ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ئامادەکاری دەکەین.

لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری کاروباری دەریایی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری هەیە ڕێژیمی ئێران یا هێزە نیابەتییەکانی ئەو ڕێژیمە کەشتییە بازرگانییەکان وەک نەوتكێشەکان یان کەشتییە نیزامییەکانی ئامریکا لە دەریای سوور، گەرووی بابۆلمەندەب یان کەنداو، بکەنە ئامانج.

بەرپرسانی ئامریکا باسیان لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانی بۆ سەر ئامریکا جیددی تر کردووەتەوە و ئێمەش دەبێت ئامادەکاری بکەین.

ئامریکا بۆ پێشگرتن لە زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆنتڕۆڵی ئەو ڕێژیمە، توندترین و سەخترین سیاسەتەکانی گرتووەتە بەر.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت ئیقدامەکانی ئامریکا هەڕەشەی هێرش دەکەن و ئیدعای ئەوە دەکەن کە ئەگەر ئامریکا هەر جووڵەیەک بکات، ئێمە بەتوندی وڵامی دەدەینەوە.