کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات

14:03 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا لە بڕیارێکی نوێدا، باسی لە ناردنی ١٥٠٠ کەس هێزی نیزامی بۆ ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست کرد.

سەرکۆماری ئامریکا، "دۆناڵد ترامپ"، بۆ جارێکی دیکە، بە تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران، بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریسم و پەرەپێدانی، هەروەها بەمەبەستی پاراستن و بەرگری لە هەمبەر هەڕەشەکانی ئێران، بڕیاری داوە ١٥٠٠ سەربازی نوێ، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

ناوبراو وتوویەتی: "پێم وانەبێت ئێران هەوڵی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێمەدا بدات و هەروەها نابێت بهێڵین ئیران چەکی ناوکیی دەست بکەوێت."

هەر لەو پەیوەندییەدا، کەسی دووەمی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، "مەک تۆرێنبری "، سەبارەت بەو بڕیارەی ترامپ لە تویتێکدا نووسیبووی: "هەڕەشەکانی ئێران زۆر جیددین و بەڕێکردنی هێز بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەیە کە هەر جۆرە هێرشێک دژ بە ئامریکا، بێ وڵام نامێنێتەوە."

هەروەها، بەرپرسێکی پلە باڵای وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، "پێنتاگۆن"، ڕۆژی هەینی ٣ی جۆزەردان پشتڕاستی کردەوە: "ویلایەتە یەکگرتوەکان، ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ تەقاندنەوەی کەشتییە نەوتکێشەکانی بەندەری فەجیرە و هێرشی ڕاکێتی بۆ سەر سەفارەتی ئامریکا لە بەغداد، بە تاوانبار دەزانن."

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، هۆشداریی بە ئێران داوە کە هەر چەشنە هەوڵێکی ئەو وڵاتە دژ بە ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانانی، کاردانەوەی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەدواوە دەبێت.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتد پرێس"، لە زاری ژێنێڕاڵێکی سێ ئەستێرە، "مایکێل گیلدێی"، نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئاستێکی بەرز لە دڵنیایی گەیشتوون کە سپای تێرۆریستی پاسداران بەرپرسیارە لە بەرانبەر تەقینەوەی نەوتکێشەکان و هێزە نیابەتییەکانیشیان بەرپرسیارن لە بەرانبەر هاویشتنی ڕاکێت بۆ سەر ناوچەی سەوز لە بەغداددا."