کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێزی نوێی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات

11:35 - 14 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیارە هێزی سەربازیی نوێ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

پاش کوژرانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ١٣ی بەفرانبار، باسی لە ڕەوانەکردنی ٣ هەزار و ٥٠٠ سەرباز، بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەگەرەکانی گرژی و توندوتیژی، بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.

کۆشکی سپی لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، ئەمنییەتی هێزەکانی ئامریکایی و بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی لە بارودۆخی هەستیار و هەڵایساوی ناوچەکەدا لە مەترسیدایە.

هەندێک لە بەرپرسانی فەرمیی ئامریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا ببێت، ڕایانگەیاندووە، ئەو نیزامییانە لە نێوان هێزەکانی "هێلی بۆردی لەشکەری ٨٢"ی جێگیر لە "فۆرت براگ" لە "کارۆلینای باکوور"ن کە دەنێردرێنە ناوچەکە.

پێنتاگۆن تا ئیستا بە شێوەی فەرمی ئەو هەواڵەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئامریکایی، وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، بەڕێکردنی هێزی نوێی سەربازیی بۆ ناوچەکە پاش چڕبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیای وەکوو هەنگاوێکی پارێزەرانە پەسەند کردووە.

لە حەوتووی ڕابردووەوە ئامریکا ڕایگەیاندبوو کە بەدوای چڕتربوونەوەی قەیرانەکان لە عێراق، ئامادەیی خێرایان بۆ ڕەوانەکردنی تا ٤ هەزار کەس هێزی نیزامییان بۆ ناوچەکە هەیە.