کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: هەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت

12:20 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لە هەرێمی کوردستان کرد کە واز لە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بهێنێت.

بەپێی ڕاپورتی هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێجشەممە، ۱۹ی بانەمەڕ، شاندێک لە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە پێک هاتبوون لە، "جوودی هوود"، نوێنەری ئامریکا لە عێراق، "ژنڕاڵ پل لاکامیرا"، فەرماندەی هێزەکانی ئامریکایی دژە بە داعش لە عێراق و سووریە و "ئێستوون ویگن"، سەرکونسووڵی ئامریکا لە هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و ‌پەیامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایان بە هەرێمی کوردستان گەیاند.

لە نێوان دیداری ئەو دوو لایەندا، پەیامی ئامریکا کە لە لایەن "مایک پۆمپێئۆ "، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نێرداربوو، بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، کە لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە، پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت، پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا زیان بە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پاڵپشتییەکانی ئامریکا لە هێزی پێشمەرگە و تەنانەت عێراقیش دەگەیەنێت".

بەپێی ‌ئەو ڕاپۆرتە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندیی سیاسی و بازرگانییان هەیە، بەڵام ئێستا بەرپرسانی باشووری کوردستان دەبێت بڕیاری خۆیان بدەن و خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

هەروەها، مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی سێشەممە، ۱۷ی بانەمەڕ، لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ عێراق، لەگەڵ "بەرهەم ساڵح"، سەرکۆماری عێراق و "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی تری ئەو وڵاتە دانیشتن و کۆبوونەوەیان هەبووە و پۆمپێئۆ، داوای لە کاربەدەستانی عێراق کردووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بپچڕێنن.

مایک پۆمپێئۆ، لەو سەفەرەدا ڕایگەیاندبوو، کە عێراق دەبێت وڵاتێکی سەربەخۆ بێت و بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری و دزەی ڕێژیمی ئێراندا بێتە دەرەوە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانیش لەو وڵاتەدا بچنە دەرەوە، هەروەها دەبێت عێراقیش واز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بهێنێت.