کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا، گەمارۆ دەخاتە سەر هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی، کە لە یارمەتیدان ڕێژیم بۆ دەوردانەوەی گەمارۆوەکان تێوەگلاون.
دەوڵەتی ئامریکا، بۆ پێشگرتن لە دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین کەس و کۆمپانیای سزا داوە و لە ڕیزی گەمارۆوەکانی خستوون.
وەزارەتی داراییی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خاکەلێوە، لە بەیاننامەیەکی بڵاوکراوەدا ڕایگەیاند، کە بانکی ئەنسار و ٢٥ کەس بە تۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و هەناردەکردنی دۆلار و یۆرۆ بۆ سپای پاسداران، وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم و هەموو گرووپە چەکدارەکانی سەر بەم ڕێژیمە سزا داوە و بە ڕیزبەندی گەمارۆوەکانی خۆی زیادی کردوون.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە تۆڕێکی فراوان لە کۆمپانیا و کەسانی دانیشتوو لە ئێران، تورکیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیمان، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەیەک کردووەتە ئامانج؛ کە دەوڵەتی ئێران بۆ جێبەجێکردنی یەک میلیارد دۆلار کەڵکی لێ وەر دەگرت".
ستیڤ منوچین، وەزیری داراییی دەوڵەتی ئامریکا، لەم بارەوە وتبووی: کە بانکی ئەنسار و دەفتەری خزمەتگوزارییە ئەرزییەکان، وەک ناوەندی ئەم تۆڕە کاریان کردووە و لە ڕێگای جیاوازەوە ڕیالیان بۆ دۆلار و یۆرۆ گۆڕیوە و خستوویانەتە سەر حەسێبەکانی سپای پاسدارانەوە.
لەم بەیاننامەیەدا لەگەڵ بانکی ئەنسار، پێنج کۆمپانیای بازرگانی بە ناوەکانی: ساکان، لێبرامۆن و ناریا لە ئیمارات و کۆمپانیای ئەرزیی هیتال لە ئێراندا و کۆمپانیای ئەتڵەس دوویز لە تورکیە، گەمارۆ خراوەتە سەریان و هەروەها بانکی ئەنسار بە دانی بڕی ٨٠٠ میلیۆن دۆلار سزا دراون.
هەر لەم ڕاستایەدا، ئامریکا ١٧ ناوەند و ١٤ کەسی دیکەی سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆوەکانەوە.
"مەنسوور عەسگەری، محەممەد مەهدی دایمی عەتاران، ڕوحوڵڵا قادری بەرمی، سەعید بورجی، ڕەزا ئیبراهیمی، غوڵامڕەزا ئیتاعەتی، محەممەدحوسێن حەقیقیان، جەلال ئیمامی قەرە حاجیلوو، سەید ئەسغەر هاشمی تەبار، مەهەدی مەعسوومیان، محەممەدڕەزا مەهدیپوور، ئەکبەر موتەلبیزادە، محەممەدجەواد سەفەری و موحسێن شەفایی" ئەو کەسانەن کە لە ڕیزی گەمارۆوەکان خراون.
هاوکات ناوەندەکانی "گرووپی ئەبوو ڕیحان، بووعەلی، حەیدری کەڕاڕ، کیمیا پەخشی شەرق، پێشڕەوانی داروی پەردیس، پوویا ئێلێکترۆسامان نیروو، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەدرا، گرووپی ئاوینی، بابایی، چەمران، فەخار موقەدەم، کەریمی، کازمی، موەحید دانیش، ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەناوری و زانستیی شوکری، زەینەدین و گرووپی فەناوەری و زانستی شێخ بەهایی" لە لیستی گەمارۆوەکان خراون.
هەروەها دادگایەکی ئامریکا، هاووڵاتییەکی ئوسترالیایی بە ناوی "دەیڤید لویک"، تەمەن ٥٧ ساڵی، بە هۆی پێشێلکردنی بڕیاری گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و فرۆشتنی پارچەی مووشەک، پهپاد و ئەژدەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دانی ٢٠٠ هەزار دۆلار سزا داوە، کە ئەم سزایە هاونرخی ئەو کەلوپەل و پارچانەیە کە بە ڕێژیمی ئێرانی فرۆشتووە.