کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: هەڕەشەی ماشە بۆ پێشگرتن لە پیتاندنی زیاتری ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران بە پێویست دەزانین

12:06 - 16 بەفرانبار 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئامریکایی "ئاکسیوس"، "جەک سالیوان" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا لە سەفەری پێشوویدا بۆ "ئۆرشەلیم" بە بەرپرسانی ئیسرائیلیی وتووە کە هەڕەشەی کەڵکوەرگرتن لە ڕێوشوێنی "ماشە" و گەڕانەوەی ئوتوماتیکی گەمارۆکانی شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێ وەکوو ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی ڕێژیمی ئێران لە پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ئاستی چەکوچۆڵ کەڵکی لێ وەرگیردرێت.

"باراک ڕاوید" هەواڵنێری "ئاکسیوس"، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری سێ بەرپرسی ئاگاداری ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێوشوێنی "ماشە" گرینگترین ئامرازێکە کە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥دا بۆ سزای ڕێژیمی ئێران لە کاتی پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەبەرچاو گیراوە.

ڕێوشوێنی "ماشە" بە واتای ئەوەیە کە لەسەر داوای لایەنێکی ڕێککەوتن بە دەنگی ئەندامانی شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیسان گەمارۆ بخرێتەوە سەر ڕێژیمی ئێران.

گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووریی داڕماوی ئێران زیاتر لەوەی کە هەیە داڕماوتر بێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران هاوکات بە بەشداری لە دانوستانی ناوکیی بەرجام لە "ڤییەن" گەشە بە بەرنامە ناوکییەکەی خۆی دەدات و ئیسرائیل پێشتر هۆشداریی بە هاوپەیمانانی عەرەبیی خۆی دابوو کە ئەو ڕێژیمە خەریکی پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ئاستی ٩٠ لەسەدییە.