کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ٨٠ بنکەی گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراقدا کردووە

18:34 - 20 رەزبەر 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەکوو ئامانجی دواتری پاش داخستنی باڵوێزخانەی عێراق، هەڕەشەی بە ئامانجکردنی ٨٠ بنکەی حەشدی شەعبی کردووە لە تۆڵەی هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە بۆ سەر ناوچەی سەوز.

ماڵپەڕی "میدێڵ ئێست ئای" پلانێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای بۆ پاش داخستنی باڵوێزخانەی عێراق لە بەغدادا خستووەتە ڕوو کە ٨٠ بنکەی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبیی بۆ هێرش‌کردنە سەریان کردووەتە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سوورە لەسەر داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە عێراقدا؛ بەڵام حکوومەتی عێراقیش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پێشگرتن بە داخستنی باڵوێزخانەی ئامریکا.

ئەو ڕاپۆرتەی "میدێڵ ئێست ئای" ئامانجە دەستنیشان کراوەکانی بنکە نهێنییەکان و حەشارگەکانی ئەو هێزانە دەگریتەوە کە سەر بە "هادی عامری" و "قەیس خەزعەلی" هەر دوو سەرکردەی "سپای بەدر" و "عەسائیبی ئەهلی حەقـ"ـە، ئەم بنکانە لەو شوێنانەن کە حیزبوڵڵای عێراق بە کاریان دێنێت.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باسی لەوە کردووە "هەموو گرووپە چەکدارانە کە لەلایەن تارانەوە پشتگیری دەکرێن بەشێکن لە حەشدی شەعبی و سەر بە حکوومەتی تارانن".

ئەمە لەحاڵێکدایە کە "فواد حوسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق، لە سەردانەکەی خۆیدا بۆ تاران ٤٠ ڕۆژ کاتی دانابوو کە ڕێژیمی ئێران چالاکیی هێزە چەکدارەکانی لە عێراقدا ڕاگرێت.

لەبەرانبەردا ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە و حکوومەتی عێراق بۆ خۆی دەبێ ڕێگرییان لێ بکات.