کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و بریتانیا هاوپەیمانییەک پێک دەهێنن

16:42 - 3 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەیهەوێت لە حەوتووی داهاتوودا و بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی خۆی، هاوپەیمانییەکی نیزامی لە ناوچەی کەنداودا و بە مەبەستی پاراستنی ئاوە ستراتیژیکەکانی ئێران و یەمەن پێک بهێنێت.

هەواڵی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانیەتییە دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە بریتانیا بە فەرمی هێزە دەریاییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە نەوتکێشێکی بریتانیایی تاوانبار کرد.

"ژێنراڵ مایک مایلی"، لە کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی سێنادا، سەبارەت بەم هاوپەیمانییە جەختی کردووەتەوە کە ئەم پشتیوانییە نیزامییە، کەشتییە بازرگانیەکانیش لە خۆ دەگرێت.

"ژێنراڵ جۆزێف دانفۆرد"، بەرپرسی ستادی فرماندەیی هاوبەشی ئەرتشی ئامریکا، پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانەتییەی بۆ دڵنیابوون لە ئازادیی ناوەکان لە گەرووی هورمۆزدا گەڕاندووەتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیاش، باسی لەوە کردووە کە دەستپێکی وتووێژەکانی بریتانیا و ئامریکا پەیوەندی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی سەر کەنداوەوە هەیە.

پێشتریش ئامریکا و بریتانیا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتیی نیزامی، پلان و بەرنامەی زۆریان داڕشتووە، مەبەستی سەرەکیی ئەو وڵاتانە لە پێکهێنانی هاوپەیمانەتیی لەم چەشنە بۆ پێشگرتن لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت هێزە دەریاییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئەم ڕێژیمە لە ئاوەکانی کانداودا دەگەڕێتەوە، چونکە پێشتر ڕێژیمی ئێران چەندین جارهەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمۆزیشی لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کردبوو.