لە دوای سەفەری "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا بۆ "عەرەبستانی سعوودی" و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، "واشنتۆن و ڕیاز" بەیانییەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
میدیاکانی "سعوودی" بڵاویان کردووەتەوە کە لەو بەیانییەیەدا ئەو دوو وڵاتە ١٨ ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەیان سەبارەت بە هاوکاریی هاوبەش لە پەیوەندی لەگەڵ بواری وزە، سەرمایەدانان، پەیوەندییەکان، فەزا و تەندروستی واژۆ کردووە.
هەروەها ئەو دوو وڵاتە لەو بەیانییەیە هاوبەشەدا دژ بە ڕێژیمی ئێران قسەیان کردووە و ئامریکا پشتیوانیی نیزامیی خۆی بۆ "عەرەبستان" دەربڕیوە و ئەو وڵاتەش پێبەندیی خۆی بۆ پاراستی هاوسەنگی لە بازاڕی جیهانیی نەوت ڕاگەیاندووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و عەرەبستان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕوانگەیەکی یەکسانیان سەبارەت بە ئەمنییەت و تەبایی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە، هەروەها لەسەر ڕێگەی دیپلۆماتیک و ئاشتی بۆ قەیرانە جیهانییەکان جەختیان کردووەتەوە.